زیلینسکی: دەمانەوێت ساڵی دادێ بەڕێگەی دیپلۆماسی شەڕ راوەستێت

ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، خواستیانە بۆ ساڵی داهاتوو بەڕێگەی دیپلۆماسی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا ڕاوەستێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلادیمیر زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکدا کە شەممە 16ـی تشرینی دوووەمی 2024 بڵاوکرایەوە، گوتی: دەیەوێت شەڕ لەگەڵ رووسیا ساڵی 2025 بە ڕێگای دیپلۆماسی کۆتایی پێبێت، گوتیشی: هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادیمیر پوتین "بە هیچ شێوەیەک ئاشتی ناوێت".

زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی ئۆکراینا باسی لە دۆخێکی "زۆر ئاڵۆز" کرد لە بەرەی ڕۆژهەڵات کە سوپای رووسیا بەرەوپێشچوونێکی خێرای لە دژی سوپای ئۆکرانیا بەدەست هێناوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکرانیا سەرباز و یەدەگی سەربازیی کەمی هەیە.

زیلینسکی گوتی: لە لایەن خۆیانەوە بەپێویستی دەزانن هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لە ڕێگەی دیپلۆماسی کۆتایی بە جەنگ بێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی مەرجەکانی دەستپێکردنی دانووستانەکان پێی وابوو ئەگەر "ئۆکرانیا لەگەڵ ڕوسیا بەتەنیا بێت" و "هێز" ـی لە پشت نەبێت، لە دانووستانەکە دەدۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە، بەو شێوەیە دانووستان دادپەروەرانە نابێت دوای ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی 2022 ڕووسیا دژی ئۆکرانیا هەڵیگرساند.

کیێڤ ترسی لە لەدەستدانی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ سوپاکەی هەیە دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا. 

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ماوەیەکی زۆرە ڕەخنە لە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دەگرێت و دەڵێت: دەتوانێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا شەڕەکە ڕابگرێت بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی پلانەکەی ئاشکرا بکات.

 
Fly Erbil Advertisment