کیم یۆ جۆنگ: کۆریای باشوور باجێکی قورس دەدات

کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، ڕایگەیاند "کۆریای باشوور باجێکی قورس دەدات، ئەویش بەهۆی ناردنی پڕوپاگەندە بۆ ئەم دیوی سنوورەکانمان."
کیم یۆ جۆنگ، جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەش دا "جۆرەها تراکتی سیاسی و شتی پیس دۆزراوەتەوە کە لەکۆریای باشوورەوە لە نزیک سنوور و ناوخۆی وڵات فڕێ دراون."
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور بڵاوی کردووەتەوە "بە توندی ئیدانەی ئەو کارە شەرمەزارکەر و پیسە دەکەین لەلایەن چەقۆکێشەکانی کۆریای باشوورەوە دەکرێن بە بڵاوکردنەوەی تراکتی سیاسی، کە جارێکی دیکە دوژمنایەتیمان دەکەن، بە پشتگوێخستنی هۆشدارییە دووبارەبووەکانمان."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "خاوەن ماڵ توڕە دەبێت کاتێک دەبینێت حەوشە پاکەکەی خاشاک و پیسی تێدا بڵاو بووەتەوە، تەنانەت سەگەکانیش بێزی لێ دەکەنەوە."
باسی لەوەش کرد "هێزە ئەمنییەکانی کۆریای باکوور ئەو ناوچانەیان داخستووە کە تراکتەکانیان لێ دۆزراوەتەوە و کاردەکەن بۆ پاککردنەوەیان."
دەشڵێت: "سەبر سنووری هەیە و توڕەیی گەلەکەمان گەیشتووەتە لووتکە، ئەم چەقۆکێشانە باجێکی قورس دەدەن."
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی یۆنهاپ، کۆریای باکوور بە تووڕەییەوە وەڵامی چالاکوانانی کۆریای باشووری داوەتەوە کە باڵۆنەکانیان بۆ ئەودیوی سنوور ناردووە، تراکتی پڕوپاگەندەی دژە پیۆنگیانگ و کاڵای بەکاربەری کۆریای باشووریان پێ بووە.