داوا دەکرێت ناوی وێستگەیەکی میترۆ لە مۆسکۆ بکرێت بە دۆناڵد ترەمپ
یەکشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2024، مێدیاکانی ڕووسیا بڵاویان کردەوە "ژمارەیەک چالاکوانی وڵاتەکە داوایان لە ڤڵادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کردووە، ناوی وێستگەیەکی میترۆی مۆسکۆ، بکات بە دۆناڵد ترەمپ."
چالاکوانەکان پێشنیاز دەکەن ناوی وێستگەی باریکادنایا، کە نزیکترین وێستگەی میترۆیە لە باڵیوزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ، بگۆڕدرێت بۆ ترامپسکایا.
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ئاژانسی« گلاڤ پیار» داوا لە پوتین دەکات، بەبۆنەی دووبارە گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ترەمپ خەڵات بکات و پەیکەرێکیشی بۆ درووست بکەن و ناوی بنێن «پاشای زێڕینی تویتەکان».
ئاژانسەکە پێشنیازیشی کردووە "بە ئامانجی هەڵگرتنی کۆسپەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن، ساڵی 2025 وەک ساڵی ترەمپ لە ڕووسیا ڕابگەیەندرێت."
لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو "ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا ڕادەگرێت."
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی 5-11 سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، ڕۆژی 7-11 ڤڵادیمێر پوتین، پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و ئامادەیی خۆشی بۆ گفتوگۆ دەربڕی."
ئێستە لە ڕووسیا چاوەکان لەسەر هەوڵ و هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپە بۆ وەستاندنی جەنگ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی و کرێمل.