دەستەی سیاسی باڵای کلدانی داوایەک ئاراستەی هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێم و عێراق دەکات

دەستەی سیاسی باڵای کلدانی، لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووانەوە داواکارە ئەنجامەکانی سەرژمێری بە هیچ شێوەیەک نەبێتە جێگرەوە بۆ جێبەجێکردنی هیچ ماددەیەکی دەستووری وەک ماددەکانی 125 و 140.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی سیاسی باڵای کلدانی، کە پێکهاتووە لە سێ پارت؛ حزبی یەکێتی دیموکراتی کلدان، حزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان و ڕابیتەی نێودەوڵەتیی کلدان، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، گەلەکەمان لە عێراق ئەزموونێکی دیموکراسی گرنگی قبوڵ کرد، ئەویش سەرژمێری گشتگیری نیشتمانی دانیشتووان، هەروەها چەند داوایەکیان ئاراستەی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
باسیان لەوەش کرد، ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییەی دانیشتووان ڕێڕەوی بڕیارەکان لەبارەی تەرخانکردنی بودجەی خزمەتگوزاری لەلایەن حکوومەتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دیاری دەکات، هەروەها ئەنجامەکانی سەرژمێریش ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی دیمۆگرافی لە عێراق بە گشتی دەبێت.
ئەو پارتە کلدانییانە داواکارن کە، ئەنجامەکانی سەرژمێری بە هیچ شێوەیەک نەبێتە جێگرەوە بۆ جێبەجێکردنی هیچ ماددەیەکی دەستووری وەک ماددەکانی 125 و 140 و ئەوانی دیکە، هەروەها نابێت بە ڕەنگدانەوەی دیمۆگرافیای ناوچە مێژووییەکانی گەلەکەمان هەژمار بکرێت بە تایبەتی لە دەشتی نەینەوا چونکە زۆرینەیان دوای ساڵی 2003 ئاوارەبوون.
هاوکات داوای ئەوەش دەکەن مافی گەلەکەیان نەفەوتێت و سەرژمێری 1957 بکرێتە بنەما.
بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.