لویس ساکۆ داوای بەشدارییەکی کارای کریستیانەکان لە سەرژمێری دەکات

پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، داوا لە کریستیانەکان دەکات بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوواندا هەبێت، وەک خۆی دەڵێت: "ئەم پرۆسە نیشتمانییە زۆر گرنگە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق کە 27 ساڵە ئەنجام نەدراوە، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی داوا لە کریستیانەکان دەکەم بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەکەدا هەبێت."
پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، دەڵێت: ئەم پرۆسە نیشتمانییە زۆر گرنگە و، هیوادارم کریستیانەکان هاوکاری بژمێرەکان بکەن لە تۆمارکردنی زانیارییە کەسییەکانی خۆیان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، کە هیوایان دەخواست ئەم سەرژمێرییە هەزاران عێراقی بگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتەکەدا دەژین، لە نێوشیاندا ژمارەیەکی زۆری کریستیان هەن.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، گوتیشی: چاوەڕوانی وردبینی و ڕاستگۆیی و شەفافی پرۆسەکە دەکەین، کە پێویستە هاووڵاتییان زانیاری دروستی خۆیان بە بژمێرەکان بدەن.
بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.