دڵشاد حەساری: دەبوو پەلە لە سەرژمێریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەکرێت

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعیی کوردستان ڕاگەیاند "پێمان وایە زۆر پەلە دەکرێت لە سەرژمێریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم."

دووشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعیی کوردستان، سەبارەت بە سەرژمێری، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر قسە لەسەر سەرژمێری بکرێت وەک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک بەشێکی لایەنی سیاسی و حزبی شیوعی، لە دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە پێمان وابوو زۆر پەلە دەکرێت لەسەرژمێریی ئەم ناوچانە."

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعیی کوردستان دەڵێت: "ئێمە ماددەیەکی دەستووریمان هەیە کە ئەویش ماددەی 140ە، دەبوو بەندەکانی ماددەی 140 جێبەجێ بکرایە، ئینجا سەرژمیریی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکرێت. بەڵام حکوومەتی عێراق ئەوەی جێبەجێ نەکرد، بە بیانووی ئەوەی ئێستە عێراق سەرژمێری دەکات و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیشی گرتووەتەوە."

دەشڵێت: "بە بڕوای ئێمە کە بڕیار دراوە و سەرژمیری دەکرێت، ئەوە گرنگە سەرژمێریی کوردستان خەڵکی بە پەرۆشەوە بەشداریی بکەن و بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە، بۆ ناونووسکردن و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە ناوچەکانی ماددەی 140."

ئاماژەی بەوەش دا "بەر لە چەند ڕۆژێک، ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەکمان کرد، بە ئامادەبوونی دکتۆر شاخەوان و فەهمی بورهان، سەرۆکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لەگەڵ بەرپرسی ئاماری گشتیی، لەگەڵ بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان کە ئامادەبوون، ئاماژەمان بە تەواوی ئەو خاڵانە دا، کە بەشێکی خەڵکی مەترسی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری عەرەب لەو ناوچانەدا هەن و ناو تۆمار دەکەن."

دڵشاد حەساری ڕاشیگەیاند "پێموایە ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتە چارە بکرێت و فایلی سێیەم بکرێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە بۆ ئێستە."