سەرۆکی بۆردی ماددەی 140: لە داهاتوودا کارە فەرمییەکان لەسەر بنەمای سەرژمێری دەبێت

دژوار فایەق "داوا لە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەم، بچنە زێدی باب و باپیرانی خۆیان ناویان تۆمار بکەن "

سەرۆکی بۆردی ماددەی 140، ڕایگەیاند "داوا لە خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەم، بچن لە زێدی باب و باپیری خۆیان ناوەکانیان تۆمار بکەن، چونکە زۆر گرنگ و هەستیار و چارەنووسازە."

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی 140 لە بەغدا، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند "ئەم سەرژمێرییە چارەنووساز و گرنگ و هەستیارە، پێویستە هەموومان لە کوردستان ناوی خۆمان تۆمار بکەین، چونکە ئەوە وەکو تۆمارێک و بەڵگەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە، هەروەها لەداهاتوودا هەموو کارە فەرمییەکانمان لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێری و بەڵگەنامانە دەبێت."

گوتیشی: "داوا لە خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەم، بچنە زێدی باب و باپیرانی خۆیان لە 'زومار، شنگال، شێخان، دەشتی نەینەوا، مەخموور، دوبز، پردێ، کەرکووک، داقووق، خورماتوو، جەلەولا، خانەقین و مەندەلی' ناوەکانیان تۆمار بکەن."

دەشڵێت: "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیسەلمێنین ئەو ناوچانە زۆرینە کوردن و ناوچەی کوردستانین و بەناحەق لە کوردستان دابڕێنراون، دواتریش ئەو بەڵگەیە دەمێنێتەوە و بۆ داهاتوو کاری لەسەر دەکرێت، هەروەها کار لەسەر کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل و دامەزراندن و زەوی وەرگرتن لە حکوومەت دەکات."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment