دەستەی دادوەری وەڵامی هەموو تانەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە

دووشەممە، 18-11-2024، دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لە نووسراوێکدا وەڵامی هەموو تانەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دایەوە، 

لە نووسراوەکەدا، کە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نێردراوە هاتووە "ئاگادارتان دەکەینەوە کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵبژاردن، هەموو ئەو تانانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆی نێردراوە لە ماوەی یاسایی یکلایی کردووەتەوە."

 ئاماژەی بەوەش داوە "یەکلایی کردنەوە تانەکان بەپێی بڕگەکانی ماددەی (10/حەوتەم)  لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31)ی ساڵی 2019 بووە."

ڕۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.

بە گوێرەی یاسا، پێویستە دەستەی دادەوەریی 10 ڕۆژ دوای وەرگرتنی تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، وەڵامی تانەکان یەکلایی بکاتەوە. بڕیاریش وایە، دوای یەکلاییبوونەوەیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات.