کەرکووک: لەسەدا 95ـی چاودێرانی سەرژمێری بۆ عەرەب یەکلایی کراوەتەوە

لە کەرکووک پلانێک هەیە بۆ ئەوەی سەرژمێری لە بەرژەوەندی نەتەوەیەکی دیاریکراو کۆتایی پێ بێت، بەڕێوەبەرایەتیی سەرژمێریی کەرکووک، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پێنج هەزار چاودێریان بەسەر تیمەکانی بژمێر تۆمار کرد، زیاتر لە سەدا90ـی ئەوانەی تۆمارکران لە نەتەوەیەکی دیاریکراو بوون. 

هاووڵاتیەک بە کوردستان24ـی گوت: "هاتووم تاوەکو ناوم تۆمار بکەم، بەڵام ناونووسین نەماوە، کە ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە نەتەوەی کورد دەکرێت، چونکە دوێنی بەماوەی چەند خولەکێک ناوی پێنج هەزار کەسیان نووسیووە، ئێستاش دەڵێن ناونووسین تەواو بووە."

هاووڵاتیەکی دیکەی کورد گوتی: "دوێنێ پێنج هەزار کەسیان پێویست بوو، بەماوەی نیو تا یەک کاتژمێر شوێنەکەیان پڕکردووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بێتە بەڕێوەبەرایەتیەکە." دەشڵێت: "کارەکەیان بەشێوەیەکی نهێنی لەبەرژەوەندیی لایەنێک کردووە، بۆیە داواکارین بەشمان نەفەوتێت، ئێمە هاتووینە ئێرە بۆ ناونووسین ناهێڵن بچینە ژوورەوە، کەچی عەرەبێک دێت یەکسەر دەیبەنە ژوورەوە."

هەر لەوبارەوە هاووڵاتیەکەی دیکە باسی لەوە کرد "ئەمشەو بڵاویان کردەوە، ئەوانەی قوتابیی زانکۆ یان فەرمانبەرە، بەیانی بێن بۆ ناونووسین بۆ سەرژمێری، کەچی ئەمڕۆ کە ئێمە هاتووین، دەڵێن بەڕێوەبەر لێرە نییە، دەشڵێن دوێنێ ناونووسین کۆتایی هاتووە."

 

 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment