قەتەر: سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر نین

ئاڵای قەتەر
ئاڵای قەتەر

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ داخستنی نووسینگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ده‌كه‌ن له‌ ده‌وحه‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌.

سێشه‌ممه‌، 19ـی تشرینی دووه‌می 2024، ماجید ئه‌نساری، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی كه‌ له‌ تیمی دانوستانی بزووتنه‌وه‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئێسته‌ له‌ ده‌وحه‌ نین و له‌ په‌یوه‌ندی و هاتووچۆی به‌رده‌وامدان له‌ نێوان چه‌ند پایه‌ته‌ختێكدا.

ماجید ئه‌نساری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نووسینگه‌ی حه‌ماس له‌ ده‌وحه‌ له‌ پێناو پرۆسه‌ی نێوه‌ندگیری دامه‌زراوه‌، بۆیه‌ كاتێك پرۆسه‌كه‌ نه‌بێت، بوونی نووسینگه‌كه‌ش هیچ ئه‌ركێكی نابێت.

ئه‌نساری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، هه‌ر كات بڕیاری داخستنی نووسینگه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ قه‌ته‌ر درا، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ فه‌رمی و ڕاشكاوانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، قەتەر بە حەماسی گوتووە کە نووسینگەکەی لە دەوحە چیتر خزمەت بە ئامانجەکەی ناکات و پێویستە دابخرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، قەتەر لە ڕۆڵی نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کشایەوە.

له‌ لای خۆیه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر جه‌ختی كرده‌وه‌‌، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ نێوه‌ندگیرییه‌كه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، دوورن له‌ ڕاستیی و ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌گوترێت "ورد" نیین.

هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد‌، ده‌وحه‌ به‌ لایه‌نه‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر جیددیه‌تی پێویست هه‌بێت، ده‌ست به‌ نێوه‌ندگیریی ده‌كاته‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاندبوو، حەماس ئەو دەنگۆیانەی هەموو ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیتر لە قەتەر شوێنیان نابێتەوە.