پەیامنێری کوردستان24: سوپای عێراق ڕێگری لە دانیشتووانی پەلکانە دەکات بگەڕێنەوە
چەند هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی پەلکانە لە کەرکووک بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: سوپای عێراق هەڕەشەی بەندکردنیان لێ دەکەن و ناهێڵن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: ژمارەیەک خێزان کە دانیشتووی گوندی پەلكانەن و دوای ڕووداوەکەی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ڕوویان لە هەولێر کردبوو، ئەمڕۆ ویستبوویان بۆ مەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێری بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان بەڵام لەلای سوپای عێراقەوە ڕێگریان لێ کرابوو.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی پلەکانە بە کوردستان24ـی گوت: "نزیکەی 30 خێزانین ویستوومانە بۆ مەبەستی سەرژمێری بێنەوە گوندەکە و خۆمان تۆمار بکەین، بەڵام سوپای عێراق ڕێگریمان لێ دەکات بگەڕێنەوە ناو خانووەکانمان و خانووەکانمان داگیر کراون، تەنیا چەند کاتژمێرێک مۆڵەتیان پێداوین کە دەبێت گوندەکە چۆڵ بکەین."
هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە، دەڵێت: سوپا هەڕەشەی بەندکردنمان لێ دەکەن ئەگەر گوندەکە چۆڵ نەکەین، بەڵام ئێمە سوورین لەسە ئەوەی لە گوندەکە بمێنینەوە و هەر دەبێت لێرە خۆمان تۆمار بکەین.
دانیشتووانی گوندی پەلکانە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی خۆجێی کەرکوکو دەکەن ئەو کێشەیان بۆ چارە بکات و ڕێگری بکەن لەو کارەی سوپای عێراق، تا بتوانن بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە پرۆسەی سەرژمێری.
لە ماوەکانی ڕابردوو سوپای عێراق چەندین جار ڕێگری لە جووتیارانی کورد کردووە، و نەیانهێشتووە لەسەر زەوییەکانیان دروێنە بکەن، ئەم رووداوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵ بوونە بۆ چارەکردنی کێشەکە.