پێشبینی دەکرێت شەپۆڵێکی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە یەکەم شەپۆلی جەمسەری سیبیریا بەرەو کوردستان دێت و پێشبینی بارینی باران و بەفر دەكرێت.
کوردستان یەکەم شەپۆڵی ساردی جەمسەری سیبیریای بەردەكەوێت.
بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێمی کوردستان ھەفتەی داھاتوو، ناوچەكە ڕووبەڕووی شەپۆڵی ساردی كەشوھەوا دەبێتەوە، شەپۆلەكە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو لەڕێگەی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد کە بە ڕەچەڵەک جەمسەری سیبیریایە، لە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپاوە ھەڵدەكات، دواتر ڕوو لە توركیا دەكات و بۆ ڕۆژی دووشەممە ناوچەكانی باكووری كوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی بارینی بەفر دەكرێت لەو ناوچانە، كاریگەری ئەم شەپۆلە لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بەدیاردەكەوێت و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بەجۆرێك كە تا حەوت پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە.
كاریگەری شەپۆڵەكەی جەمسەری سیبیریا بە بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان لە ھەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، ھەر بەپێی پێشبینییەكان لەم ماوەیەدا ناوە ناوە نمەباران لە ناوچەكانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، هەروەها کاریگەری بە لاوازی لە ناوچە جیاکاندا بەشێوەی نمەبارانی پچرپچر دەمێنێتەوە.