فەرەنسا بۆ ئێران: پێویستە هاوکاریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکەیت

چوارشەممە، 20-11-2024، ژان نۆیل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە عەباس عراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی ڕاگەیاند "پێویستە ئێران پابەندییە ئەتۆمییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە زلهێزەکانی ئەورووپا لە میانی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان لە دژی ئێران پێشکەش کرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاند "لە گفتوگۆی نێوان هەردوو وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئێران، بارۆت، جەختی لەوە کردووەتەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوەکی ئێران، زۆر نیگەرانکەرە و مەترسی گەورەی لەسەر بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی هەیە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشە ئەڵمانی و بەریتانیاییەکانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی."
فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەو لایەنە ئەورووپییەکانی دیکە بەشدارن لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان ئیمزا کراوە.
ڕۆژی سێشەممە، هەر سێ وڵات لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان لە دژی ئێران پێشکەش کرد و تێیدا خوازیاری ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تۆکمەن سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران.