ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پەسەندکردنی پرۆژەبڕیاری ئاگربەست لە غەززە شکستی هێنا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی ڤیتۆی ئەمەریکا، لە پەسەندکردنی پرۆژەبڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، شکستی هێنا.

چوارشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ڕەشنووسی پرۆژەبڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بەڕێوە چوو.

ئەمەریکا ڤیتۆی لە پەسەندکردنی پرۆژەبڕیاری ڕاگەیاندی ئاگربەست لە غەززە کرد، هاوکات نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند: "لە ڕەشنووسی پرۆژەبڕیارەکەدا سەرکۆنەکردنی حەماس بۆ هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو نەبوو."

جەختیشی لەوە کردەوە "ناتوانن پشتیوانیی بڕیارێک بکەن کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتەکان نەکات."

ڕەشنووسی پرۆژەبڕیارەکە لەلایەن 14 وڵاتەوە پاڵپشتیی کرا، بەڵام لەلایەن ئەمەریکاوە دژایەتی کرا. بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە، بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا ڤیتۆی پرۆژە بڕیارەکە دەکات.

ئەو بەرپرسە گوتبووشی: "ئەگەر پرۆژەبڕیارەکە بەم شێوەیەی ئێستا بخرێتە دەنگدانەوە واشنتن پشتگیریی ناکات، چونکە وڵاتەکە پشتگیری لە دەقێک ناکات کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتەکان نەکات."