ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا بۆمباران کرد
"لە هێرشەکەدا 90 کەس کوژران و بریندار بوون"

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سێ پێگە لە شاری تەدموری سووریا، زیاتر لە 40 کەس کوژران و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە پێگەکان کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی نوجەبا و حزبووڵلای لوبنانی بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-11-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند "لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، کە 90 کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە، لە نێو کوژراوەکاندا حەوت سووریایی تێدا بووە، هەروەها 22 کەسیان ڕەگەزنامەی دیکە بوون، ئەوانی دیکەش ناسنامەیان نەزانراوە، ئاماژەی بەوەش داوە، لەنێو بریندارەکاندا ژمارەیەک سووریایی تێدا بووە، کە برینی هەندێکیان سەختە."
لەلایەکی دیکەوە، فادی شەممەری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو "واشنتۆن بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە هەموو ڕێگەیەکی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق."
عێراق بەردەوامە لە ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکانی بۆ دوورکەوتنەوە لەوەی هێرشی بکرێتە سەر. یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی: "حکوومەت بەردەوامە لە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریی لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک."