پەرلەمانی عەرەبی ئیدانەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق دەکات

لە بەیاننامەیەکدا، پەرلەمانی عەرەبی بە توندترین شێوە هەڕەشەکانی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق ئیدانە دەکات و جەختی لە پشتیوانیی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی، عێراق و ڕێگەنەدان بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە بە هەر بیانوویەک، کرد.

لە بەیاننامەکەدا، پەرلەمانی عەرەبی سکاڵای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "باشترە ئیسرائیل پابەند بێت بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ ئەو کۆمەڵکوژی و شەڕە جینۆسایدانەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەڵەستین و هەروەها هێرشکردنە سەر لوبنان ڕابگرێت."

پەرلەمانی عەرەبی، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامودەزگاکانی و وڵاتانی کرد، گوشار بخەنە سەر تەلئەڤیڤ و پلانەکانی ڕابگرن کە ئامانجیان ڕاکێشانی ناوچەکە بە گشتییە بۆ ناو شەڕێکی ناوچەیی بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێک بدات.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، تەلئەڤیڤ لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕێوشوێنی خێرا لە دژی ئەو گروپانە بگرێتەبەر کە لە عێراقەوە هێرش دەکەنە سەری و بەڵێنیشی دا بۆ بەرگریکردن لە خۆی وەڵام بداتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا، کە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، حکوومەتی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە هەموو ئەو شتانەی لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە تەلئەڤیڤ مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە.

وەزیری ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا گوتیشی: "ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، نامەیەکم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، تێیدا داوای هەنگاوی خێرام کرد سەبارەت بە چالاکیی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، کە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنن."

دووپاتیشی کردەوە "حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە هەموو ئەو شتانەی لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن و ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لە خۆی بکات وەک لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بۆ ئەوەی خۆی و هاووڵاتیانی بپارێزێت."

گیدیۆن باسی لەوەش کرد: "داوام لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی حکوومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات و ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت."

لای خۆیەوە عێراق پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ کردەوە و بە توندی ئیدانەی هەڕەشەکانی ئیسرائیلی کرد بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment