کەشناسی عێراق: شەپۆلێکی سەرماو سۆڵە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

هەفتەی داهاتوو بارستە هەوایەکی جەمسەریی  عێراق دەگرێتەوە و بەو هۆیەوە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و باران و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.

دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت، لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە، بە تایبەتی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو، بارستە هەوایەکی سارد و جەمسەری عێراق بگرێتەوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هەوایەکی ساردی جەمسەریی بەخێرایی دەگاتە هەرێمی کوردستان، بەمەش پلەی گەرمی 8 تاوەکوو 10 پلە بەراوورد بە ڕۆژێک پێشتر نزم دەبێتەوە."

دەشڵێت: "پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست بە بەغداشەوە نزم دەبێتەوە، لە باشووریش وەک خۆی دەمێنێتەوە گۆڕانێکی ئەوتۆی نابێت."

ڕاشیگەیاند "ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەی گەرمی لە هەرێمی کوردستان زۆر دادەبەزێت، ئەمەش مانای هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی کەشوهەوای ساردی زستانە دەگەیەنێت. بەڵام ئەم ساردییە بەس نییە بۆ ئەوەی بەفر بە ڕادەیەکی کەم ببارێت."

دەستەی کەشناسی جەختیشی کردەوە "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هەوای سارد و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق دەگرێتەوە، هەرچەندە بارانەکە کورت مەودایە لەگەڵ بەفربارینی لە ناوچە شاخاوییەکاندا."

دەشلێت، پێشبینی دەکرێت، پلەکانی گەرما بۆ ژێر 20 پلە نزم بێتەوە، هەروەها لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا پلەی گەرما لە بەغدا دەبێتە 16 پلەی سەدی و ڕەنگە لە موسڵ و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 12 پلەی سەدی دابەزێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment