سلێمانی.. هاووڵاتیەک بە تۆمەتی ڕاوکردنی کەڵەکێویەک دەستگیر کرا

پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "ئەو کەسەی کەڵەکێویەکی ڕاو کردبوو، دەستگیر کرا."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سەرژمێرییەوە بڕیاربوو سەرجەم هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام هاووڵاتیەک بەوپەڕی هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی چووەتە  چیای بەرانان  و ئێوارەی دوێنێ 20ـی تشرینی دووەمی 2024، بێڕەحمانە کەڵەکێوییەکی ڕاو کردووە."

ئاماژەی بەوەش دا "ئەگەرچی ناوچەکە شاخاویە و دۆزینەوەی تۆمەتبار ئاسان نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕان و پشکنین لەچەند لایەکەوە، توانرا لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان و بنکەی باوەخۆشێن، ڕاوچییەکە دەستگیر بکەن و  چەک و دووربینەکەشی  بدۆزرێتەوە."

ڕاشیگەیاند "ئێستە ڕاوچییەکە دەستگیر کراوە و دوای کردنەوەی پەڕاوی  لێکۆڵینەوە ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی."


 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment