بەیان سامی عەبدولڕەحمان: مێپس لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت

بەیان سامی عەبدولڕەحمان
بەیان سامی عەبدولڕەحمان

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارووباری و کەش و هەوا و پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، مێپس لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی تێپەڕ دەبێت، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان نیازی ئەوەی هەیە ڕۆڵی هەبێت لە فراوان نەبوونی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە.

پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارووباری و کەش و هەوا و پەیوەندییەکانی دەرەوە لەبارەی کۆنفرانسی مێپس گوتی: کۆنفرانسی مێپسی ئەمساڵ زۆر گرنگە، چونکە ئێستا  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی زۆر هەستیار تێپەڕ دەبێت، کە شەڕێک دروست بووە، ئێمە نامانەوێت ئەو شەڕە فراوان بێت، لەبەر ئەوە ئەو کۆنفرانسەی ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگدا ڕێکخراوە، ئەو میوانانی بەشدارن زۆربەیان بڕیار بەدەستن لە عێراق و ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمەریکادا.

گوتیشی: مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە نەوەک هەر عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر وڵاتی ئەوروپی و ڕووسیا و ئەمەریکا، هەوڵدەدەن شەڕەکە فراوان نەبێت و ئاگرەکە گەورەتر نەبێت، ئێمەش دەمانەوێت هەوڵی خۆمان بدەین و جووڵە بکەین وەک هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی مێپس دەرفەتێکە بۆ لێک نزیککرندنەوەی بڕیار بەدەستەکان، ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بڕیار بەدەستانی وڵاتان گرنگە.

ڕۆژی هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک؛ بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 دەست پێ دەکات و تاوەکوو ڕۆژی یەکشەممە، 24-11-2024، بەردەوام دەبێت. 

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندان بەرپرسی دیکەی حکوومەتی و حزبی بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن. 

د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆڕبەندەکە، بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆکانی هارڤارد، کامبرێج، ئەتلەنتیک کاونسڵ، ویڵتۆن پارک و کرایسیس ڕیسپۆنس کاونسڵ بەڕێوە دەچێت." 

بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 ئاماژەی بەوەش کرد "لە چوارچێوەی ئەو پێنج هاوبەشە، نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاوازە بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەم بەشدار دەبن." گوتیشی: "لە میانی کۆڕبەندەکەدا، ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن."

د. هونەر عیسا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، دەیان بەرپرسی حکوومەتی و حزبی لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی ئەمساڵی مێپس دەکەن. 

کۆڕبەندی "مێپس"ـی ساڵی ڕابردوو، 20-11-2023، بەڕێوە چوو و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو. لەو کۆڕبەندەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنار و هەنگوینی کوردستانی بە دیاری دایە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا.