ڕێژەی سەرژمێریی دانیشتوان لە کەرکووک گەیشتە سەدا 90
وەزارەتی پلاندانان، فەرمانگەی سەرژمێری لە بەغدا ئاشکرای کرد، ڕێژەی سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگای کەرکووک گەیشتە سەدا 90، لە پارێزگای دیوانییەش گەیشتە ڕێژەی سەدا 80، لە زیقار سەدا 70 و سەڵاحەدین سەدا 98.
عەبدولقادر دەخیل، سەرۆکی لیژنەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: ڕێژەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە پارێزگای نەینەوا گەیشتە سەدا 100.
گوتیشی: ئەوەی ماوەتەوە، تەنها ناردنی داتاکان و ڕاگەیاندنیەتی.
پێشتر، عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە لە دووەم ڕۆژی پرۆسەی سەرژمێریداین" گوتیشی: "پرۆسەکە، تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، هەروەها هاووڵاتیان زۆر بە باشی هاوکاریی بژمێرەکانیان کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە بژمێرەکان ئەو پەڕی هەوڵیان داوە بۆ تۆمارکردنی خێزانەکان"
هینداوی گوتیشی: "قەدەغەی هاتوچۆ تاوەکوو 12ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەکوو ئێستە پرۆسەکە بەشێوەیەکی پلان بۆ دانراو بەڕێوە دەچێت و کاتژمێر دوای کاتژمێر ڕێژەی سەرکەوتن لە هەموو پارێزگاکانی عێراق زیاتر دەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم ڕێژەی سەرکەوتن 70%ـیە تاوەکوو ئێستە، ئەوانەشی ماونەتەوە لەو چەند کاتژمێرەی ماوە تۆمار دەکرێن و دواتریش قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەش کرد "دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەم، قۆناغی سێیەم دەست پێ دەکات و تاوەکوو 10-12-2024، بەردەوام دەبێت، کە بریتییە لە فۆرمی خێزانەکان، کە جارێکی دیکە بژمێرەکان دەچنەوە بەردەم خێزانەکان و زانیاری وردیان لێ وەردەگرن."