پوتین: بە مووشەکێکی نوێی بالیستی ئۆکرانیامان بۆردومان کرد

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: هیچ ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نوێترین چەکی ڕووسیا لە ئەمڕۆدا نییە، هەروەها سوپای ڕووسیا سیستەمێکی نوێی مووشەکی مەودا مامناوەندی تاقی کردەوە با ناوی "ئۆرینشک"
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ڕایگەیاند: هێزەکانی ئۆکرانیا بە مووشەکی دوورمەودای وڵاتانی ڕۆژئاوا هێرشیان کردووەتەوە سەر خاکی ڕووسیا، هەروەها دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتەکە لە پارێزگاکانی برایانسک و کورسک لەلایەن ئەو مووشەکانەوە بۆردومان کراون.
سەرۆکی ڕووسیا، دەڵێت: وڵاتەکەمان بە مافی خۆی دەزانێت هێرش بکاتەوە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتان کە چەک بە ئۆکرانیا دەدەن تا دژی ڕووسیا بەکاری بهێنێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوە ئەمەریکایە سیستەمی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەناوبردووە نەک ڕووسیا، بەڵکو هەموو جیهان بەرەو ململانێیەکی هەمەلایەنە هان دەدات.
پوتین، جەختی لەوەش کردەوە، هەر هێرشێکیان بکرێتە سەر لەلایەن هەر وڵاتێک بێت، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامیان دەدەنەوە و بۆیە پێشنیاز دەکات بۆ سەرۆکی وڵاتان بە هیچ شێوەیەک پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان نەبێت دژی ڕووسیا.
باسی لەوەش کردووە، هیچ ئامرازێک نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نوێترین چەکی ڕووسیا لە ئەمڕۆدا، هەروەها سوپای ڕووسیا سیستەمێکی نوێی مووشەکی مەودا مامناوەندی تاقی کردەوە با ناوی "ئۆرینشک"، هەروەها هێزەکانی ئۆکرانیاشمان بەو مووشکە بالیستییە نوێیە بۆردومان کردووە.
هاوکات گوتیشی: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئێستا، له نێویشیاندا هی ئەمەریکا و ئەورووپا، ناتوانن ڕێگری له مووشەکانی وەک ئۆرێشنیک بکەن. دوایین مووشه کی ڕووسیا به خێرایی 2-3 کیلۆمەتر له چەند چرکەیەکدا هێرش دەکاته سەر ئامانجەکانی دووژمن.
ڤلادیمێر پوتین، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕووسیا پێشوەختە هاووڵاتییانی سڤیلی ئۆکرانیا ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو ناوچانە جێبهێڵن کە ئەگەری بەکارهێنانی سیستەمی وەک ئۆرێشنیکی هەیە، چونکە لەوانەیە بەرکەوتەی زیانەکانی بن.