پام بۆندی لەشوێنی گایتز بۆ پۆستی وەزیری داد دەستنیشان کرا

"گایتز، بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و ماددەی هۆشبەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت"

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "'پام بۆندی' هەڵبژاردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد دوای ئەوەی کاندیدەکەی دیکە کشایەوە."

بەپێی ئاژانس فرانس پرێس، بۆندی، کە نزیکە لە ترەمپ، ئەندامی تیمی بەرگریی بووە لە کاتی دادگاییکردنی ترەمپ لەسەر کەیسی هەڵبژاردنی 2020.

ترەمپ، چەند کاتژمێرێک دوای کشانەوەی گایتز لە پلاتفۆرمی خۆیدا بەناوی "ترو سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم داواکاری گشتیی پێشووی فلۆریدا، پام بۆندی، دەبێتە وەزیری دادی داهاتوو." باسی لەوەش کرد "بۆ ماوەیەکی زۆر، وەزارەتی داد وەک ئامرازێک لە دژی من و کۆمارییەکانی دیکە بەکارهێنراوە، بەڵام ئیتر وا نابێت."

کەناڵی 'سی بی ئێس نیوز' ئاشکرای کردووە، مات گایتز، بڕە پارەیەکی بە ئافرەتێک داوە کە لە ساڵی 2017دا تۆمەتباری کردووە بەوەی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.

گایتز، لەلایەن لیژنەی ڕەوشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەتۆمەتی هەڵسوکەوتی خراپ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، بەتایبەتی هەڵسوکەوتی سێکسی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەر بەو هۆیەوە، گایتز دەستی لەکار کێشایەوە دوای ئەوەی ترەمپ کاندیدی کردبوو بۆ پۆستی وەزیری داد. 

گایتز چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە هیچ هەڵەیەکی کردبێت، هەروەها تۆمەتەکانی "سێکسکردن لەگەڵ منداڵێکی کەم تەمەن" و "سێکسکڕێنی ڕەت کردووەتەوە."