ئەڵمانیا: دوای بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هەڵوێستمان بەرانبەر ئیسرائیل نەگۆڕاوە

بارەگای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، وێنە 'ئەرشیف'
بارەگای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، وێنە 'ئەرشیف'

هەینی 22-11-2024، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل  و وەزیری پێشووی بەرگری یوئاڤ گالانت، هەڵوێستمان سەبارەت بە ڕادەستکردنی چەک بە ئیسرائیل ناگۆڕێت."

گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا گوتیشی: "گەیاندنی چەک بۆ ئیسرائیل هەمیشە لەسەر بنەمای کاتەکان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و ئێستاش ئەم دۆخە وەکو خۆی دەمێنێتەوە."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد "هەڵوێستمان بەرامبەر بە ئیسرائیل نەگۆڕاوە."

پێنجشەممە، 21-11-2024، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، بە تومەتی "تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکرد.

دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە "هۆی لۆژیکی هەن بۆ ئەوەی بڵێین ناتانیاهۆ و گالانت سەرپەرشتیی هێرشەکانی دژی خەڵکی مەدەنییان کردووە و برسییەتییان وەکوو چەک بەکار هێناوە."

دادگەکە پێی وایە "فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت، لە بەرژەوەندیی قوربانییەکاندایە."

جگە لە ناتانیاهۆ و گالانت، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەیەکی حەماسیش بە ناوی "محەممەد زێف" دەرکردووە.