پارێزگاری هەولێر: ڕێژەى تۆمارکردنى هاووڵاتییان لە قۆناغی دووەمدا سەدا 100 بوو

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لە قۆناغی دووەمی سەرژمێری گشتیدا، ڕێژەى تۆمارکردنى هاووڵاتییان گەیشتە سەدا 100.
هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەبۆنەی تەواوبوونی قۆناغی دووەمی تۆمارکردنی خێزانەکان لە سەرژمێری گشتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی کۆتایی هاتنی قۆناغی دووەمی تۆمارکردنی خێزان و ئەندام لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی، دوای درێژکردنەوەی پڕۆسەکە بۆ 24 کاژمێری دیکە کە ڕێژەى تۆمارکردنى هاووڵاتییان لەو قۆناغەشدا لە سنووری پارێزگاکەمان ( 100% ) بوو.
سوپاسی هاووڵاتییان و دانیشتوانى خۆشەویستی شارەکەمان دەکەین، کە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی ڕۆژانى قەدەغەی هاتووچۆ و هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانی سەرژمێری بوون، سوپاس بۆ حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراقى فیدراڵ و وەزارەتەکانى پلاندانانى هەرێم و عێراق، دەستەى گشتیى ئامار و بەڕێوەبەرایەتى ئامارى هەولێر، سوپاس بۆ هەوڵ و ماندووبوونى تیمەکانی سەرژمێری و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە بوونە هۆى سەرخستن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە لە سنوورى پارێزگاکەمان.
هیوادارین ئەو سەرژمێرییە، کە ماوەی چەندین ساڵە لە عێراق ئەنجامنەدراوە ببێتە بنەمایەکی دادپەروەرانەی دابینکردنی بودجە و موستەهەقاتی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتیی و لە نێویدا هەولێری پایتەخت.