تەندروستیی لوبنان: لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، 4 کەس کوژران و 23 دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی بەستە ئەلقەوقا لە بەیروت، 4 کەس کوژراون و 23 دیکەش بریندار بوون.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چوار مووشەک هێرشیان کردە سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی بەستە ئەلقەوقا لە ناوەڕاستی بەیرووت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی ئەلجەدیدی لوبنانی، شوێنەکەش ناوچەیەکی قەرەباڵەغی نیشتەجێبوونە لە شەقامی فەتحوڵڵا ، بۆمبارانکردنە بەبێ ئاگادارکردنەوە بووە و بووەتە هۆی داڕمانی 5 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی.
ڕاشیگەیاند، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان 5 هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکی باشووری ئەو شارە لەوانە حارەت حەریک، بیر ئەلعەبد، ئەلشیاح، ئەلغوبەیری، شەقامی ئەلمەسبەغا، و بازنەی شاتیلا.
لای خۆیەوە، ئەڤیغا ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل،لە پلاتفۆرمی خۆی "X"، دوێنێ هەینی نووسیبووی "بۆ هەموو دانیشتووانی ناوچەی گەڕەکی باشوور، بە تایبەتی لەوباڵەخانانەی کە لە نەخشە هاوپێچەکاندا دیاریکراون و بیناکانی تەنیشت ئەوانیش حارەت حەرەیک، غوبەیری، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و سەلامەتی ئەندامانی خێزانەکانتان، پێویستە دەستبەجێ ئەو باڵەخانانە و ئەوانەی تەنیشتیان چۆڵ بکەن و لە 500 مەتر کەمتر لێیان نزیک مەبنەوە."