بەهۆی ڕێکنەکەوتن دانوستانەکانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی COP-29 درێژ کرایەوە

وڵاتانی دەوڵەمەندی وەکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پێشنیاریان کردووە ساڵانە 100 ملیار دۆلار لە پابەندبوونە داراییەکانیان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بۆ وڵاتە هەژارەکان زیاد بکەن و تا ساڵی 2035ـیش بگاتە 250 ملیار دۆلار.

 شەممە، 23-11-2024،  دانوستانەکان لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا (COP-29) کە لە باکۆ بەڕێوە دەچێت، درێژ کرایەوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی، وڵاتانی دەوڵەمەندی وەکوو ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پێشنیاریان کردووە ساڵانە 100 ملیار دۆلار لە پابەندبوونە داراییەکانیان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بۆ وڵاتە هەژارەکان زیاد بکەن و تا ساڵی 2035ـیش بگاتە 250 ملیار دۆلار.

بەڵام وڵاتانی ئەفریقا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەساتانەی کە لەو کیشوەرە ڕوو دەدەن، ئەو بڕە پارەیەیان بە نەگونجاو لە قەڵەم دا، دەشڵێن: "پێویستییە وڵاتە زلهێزەکان وەبەرهێنانیان لە وزەی کاربۆن کەم بکەنەوە."

وڵاتە هەژارەکان ساڵانە پێداویستییەکانیان لە نێوان 500 بۆ 1.3 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنن بۆ ئەوەی بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی ڕزگاریان بێت و خۆیان لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا بگونجێنن.

بەپێی گوتەی ئامار بەتاچاریا، ڤێرا سۆنگوێ و نیکۆلاس ستیرن، ئابووریناسانی دەستنیشانکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەو بڕە پارەیە بۆ 300 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە.

ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە کە ڕۆژی هەینی پێشکەش کرا بە فەرمی داوا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان کرا، لەنێویاندا چین، بەشداریی زیاتر لە گۆڕانی کەشوهەوادا بکەن.

لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 300 ڕێکخراوی ناحکوومەتی شەوی ڕابردوو، داوایان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتو و چین کرد ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند بەڵێنی دارایی خۆیان زیاد نەکەن، کۆنفرانسەکە بەجێ بهێڵن.

لە نامەیەکی هاوبەشدا گوتیان: "نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە باکۆ باشترە لە ڕێککەوتنێکی خراپ."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment