پشتیوان سادق: خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنە سەلماندییان کە دیموکراسییان دەوێت

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر

بەپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارتی لە دووشەممەوە ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت. جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە.

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە هەڤپەیڤینی کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند: گوتارەکەی دوێنێی سەرۆک بارزانی زۆر ڕووانگە لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان ئەوەبوو کە ئاماژەی پێدا؛ ئێمە با پێکەوە لەگەڵ یەکدی دانیشین و کێشەکانمان بە دیالۆگ چارە بکەین.

جەختی لەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکان بە ئاشتی چارە بکرێن، چونکە بە شەڕ و بە ناکۆکی هەروەکو جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی کێشەکان چارە نابن.

هاوکات دەڵێت: ئێمە وەک کوردستان هیچ ڕۆژێک بە چاوی ناحەز و دوژمن سەیری عێراق ناکەین، بەڵکو بە چاوی هاوبەش و ئێستا و ئاییندە سەیریان دەکەین، ئەو کێشانەشەی کە لە نێوانمان هەن دەکرێ چارە بکرێن.

پشتیوان سادق دووپاتی کردەوە، بەرەوپێشچوونی باش لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەکردنی کێشەکان هەیە.

باسی لەوەش کرد، هەموومان عێراقێکمان دەوێت کە هەموو ئایین و نەتەوەکان بە پێی پرەنسیپەکانی مافی چارەی خۆی نووسین هەست بە هاوبەشی و هەست بە بوونی خۆیان لە ئاییندەدا بکەن.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی: هەڵبژاردنێکی ئارام لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و پرۆسەکەش زۆر سەرکەوتوو بوو، بەشداریی خەڵکیش لە پرۆسەکەدا سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە بۆ جیهان کە دیموکراتخوازن و دەیانەوێت بە ئازادی بژین.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، سبەی بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلا دەکرێتەوە و دواتر 10 ڕۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە تا دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ حزبێک نییە و، پێویستە حکوومەتێکی بنکە فرەوان پێک بهێنرێت.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارتی لە دووشەممەوە ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت.

پشتیوان سادق، باسی لە کۆڕبەندی مێپس کرد و گوتی: سازدانی ئەم کۆڕبەندە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە کە ئەو ژمارە سەرکردە و بیرمەندانە کۆ دەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەکەین.

لەبارەی هەڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و دۆخی ناوچەکە، ناوبراو ڕایگەیاند: دۆخی ناوچەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، پێویستە عێراق سەروەری خۆی هەبێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات تا وڵاتەکە پەلکێشی شەڕ و ئاڵۆزی نەکەن، چونکە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات لە بەرژەوەندیی عێراق نییە و حکوومەتیش دژیەتی.

ڕاشیگەیاند، سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات کە کوردستان پەلکێشی هیچ شەڕ و ئاڵۆزییەک نەکرێت، چونکە بارودۆخی ئێمە و خەڵکی ئێمە ناخوازن بەو شێوەیە بێت.