هاکان فیدان: لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا  ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە ، هەروەها باشتربوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی، لەسەر بنەمای پچڕانی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ پەکەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێشبینی دەکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا سلێمانی، هاکان فیدان گوتی: باشتربوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سلێمانی، لەسەر بنەمای پچڕانی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە'، جەختیشی لەوە کردەوە کە "تورکیا قبوڵ ناکات هەژموونی حزبی زاڵ بێت بەسەر پارێزگای کەرکووکدا".

لێدوانەکانی هاکان فیدان لە میانی دیدارێکیدا بوو کە لەگەڵ نوێنەری ڕۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە سازی کردبوو.

فیدان هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بەندەری فاو لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد و ڕوونیکردەوە، "دەبێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ بەستنەوەی بەرهەمەکان لە ڕێگەی وشکانی و شەمەندەفەرەوە بە بازاڕە جیهانییەکان".

وەزیری تورکیا گوتیشی: "بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانی نێوان تورکیا و عێراق یارمەتیدەرە بۆ باشتر چارەکردنی کێشە ئەمنییەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد، "بەدەستهێنانی گەشەپێدان و سەقامگیری لە عێراق پێویستی بە پاککردنەوەی وڵات لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هەیە".

لە 25ـی ئاداری 2023، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، کە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment