سەرۆک بارزانی و جەمال ئەلزاری دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ دەکەن

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئەمینداری گشتیی پرۆژەی نیشتمانیی عێراقی کرد و لەمیانەی دیداری نێوانیان ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆک بارزانی، لە سەڵاحەددین، پێشوازیی لە شێخ جەمال ئەلزاری، ئەمینداری گشتیی پرۆژەی نیشتمانیی عێراقی و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر یەکە لە خالید سوڵتان هاشم، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی، و حەمید کەسار ئەلزوبعی.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لەمیانەی دیداری نێوانیان دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و بایەخی هەبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەروەها هەردوولایان ڕۆشناییان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
