زیاتر لە 8 ملیۆن بینەر لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە بینەری مێپس بوون
دامەزراوەی مێدیایی کوردستان24، ڕووماڵی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس2024ـی لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک کرد، هاوکات زیاتر لە 8 ملیۆن بینەر لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی کوردستان24ـەوە بینەری کۆڕبەندەکە بوون.
ڕۆژی هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024 کۆڕبەندی مێپس24 لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی ئەمیندارییەتیی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، گوتاری بەخێرهاتنی لە کۆڕبەندەکەدا پێشکەش کرد، دواتر سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا باسی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و هیوای خواست گفتوگۆ و پێشنیازەکانی ئەو کۆڕبەندە سوودی بۆ هەموو لایەک هەبێت.
نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاوازەوە بەشداریی کۆڕبەندەکە بوون، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوون.
ڕووماڵی دوو ڕۆژەی کوردستان24، وەک سپۆنسەری مێدیایی بۆ پێجەمین کۆڕبەندی مێپس 2024، لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانەوە 8 ملیۆن بینەری تێپەڕاند.
شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 لە کۆتا گوتاری کۆڕبەندەکەدا گوتی: جێی شەرەفمەندیمانە جارێکی دیکە کۆڕبەندی مێپس پێشبینی ئێمەی تێپەڕاند.
گوتی: ئێمە ساڵانە بە تامەزرۆییەوە لەو کۆڕبەندە دەڕوانین، ئێمە بە قووڵی گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکان دەکەین، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی کێشەکان بۆ ئەوەی تەواوی ژیرەکان یەک بخات، لەڕووی بنەڕەتییەوە هیواخوازین کۆمەڵگەیەک دروست بکەین کە بە دڵگەرمییەوە کار بکات، بەشدارەکان دووبارە بگەڕێنەوە دهۆک.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لە لایەن زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک ڕێک دەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش پێنجەمین کۆڕبەند بەڕێوە چوو و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.