جۆزێف بۆرێل: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە لوبنان کوژراون

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەس لە لوبنان بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، یەکێتی ئەورووپا پشتیوانیی لە سەروەریی لوبنان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەردانی بەیروتی کرد و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە و حزبوڵڵاش سنوورەکانی ئیسرائیل بۆ سوپای لوبنان چۆڵ بکات.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتاوە هەوڵمان دا ڕێگریی لە ڕوودانی شەڕی تەواوەتی ئیسرائیل و لوبنان بکەین، بەڵام دوای دوو مانگ ئێستا لوبنان لە بەردەم هەرەسهێنان دایە و شەڕ لە باشووری دەستی پێکردووە و دەیان گوند بە تەواوی وێران بوونە.
ناوبراو ئاشکرای کرد، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر لە سێ هەزار و 500 هاووڵاتی کوژراون، سێ جار لەو ژمارەیە زیاترە کە لە شەڕی ساڵی 2006 کوژراون.
گوتیشی: یەکێتی ئەورووپا پابەندە بە سەروەری لوبنانەوە و داوای ئاگربەست لە هەردوولا دەکەین. هاوکات داوا لە ئەمەریکا و فەرەنسا دەکەین بۆ ئەوەی گوشار لە ئیسرائیل و حزبوڵڵا بکەن بۆ ڕاوەستانی شەڕ.