سوودانی: ئیسرائیل بە پاساوی نابەجێ هەڕەشەی لە عێراق کردووە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: بەدواداچوون بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەکەین. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە ڕێگریی لەوە بکرێت ئیسرائیل بازنەی شەڕ فراوانتر بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، لە مەراسیمی 100 ساڵەی دامەزراندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکان عێراق داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاراستنی خەڵکی سڤیل کرد، بۆ ئەوەی بازنەی ململانێکان فروانتر نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاریی مرۆییمان پێكەشی برایانی فەڵەستنیی و لوبنانی کردووە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، "قەوارەی زایۆنی"، بە پاساوی نابەجێ هەڕەشە لە عێراق دەکات، ئەو هەڕەشانە دەرخەری نیازی خراپی سەرکردەکانی ئیسرائیلە، خەجت لەوە دەکەینەوە نابێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هێرشێک.
هاوکات دەڵێت: وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردراوە لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی ئیسرائیل بکات و داوا لە ڕێکخراو و وڵاتانی دۆست بکات ڕێگریی لە هەوڵی سەرکردەکانی "قەوارەی زایۆنی" بکەن لەوەی شەڕ لە ناوچەکە فراوانتر بکەن.
لەبارەی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران و وەزیری پیشووی بەرگریی ئیسرائیل، سوودانی ڕایگەیاند: فەرمانی دادگەکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، ئەوە دەسەلمێنێت کە تا چ ڕادەیەک زیادەڕەوییان لە ڕەفتاری تاوانکارانە کردووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ڕێگریی لەوە بکرێت کە ئیسرائیل بازنەی شەڕ فراوانتر بکات.