بژمێرەکان بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێری ڕاهێنان دەکەن

ئامادەکارییەکانی قۆناغی کۆتایی سەرژمێری دەست پێ دەکات تیمەکانی سەرژمێریی ڕاهێنان دەکەن

لە دوای نزیكەی 30 ساڵ، ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێم  ڕاگەیەنرا.

لە هەموو شار و شارۆچکەکانی عێراق و هەورێمی کوردستان، هاووڵاتیان پابەندكران لەكاتی سەردانی بژمێرەكان بۆ ماڵەكانیان ئامادەییان هەبێت و وەڵامی پرسیارەكانیان بدەنەوە؛ تاکوو ئێستە پڕۆسەكە بەردەوامە و تیمەکانی سەرژمێریی ئەمڕۆ دەست بە ڕاهێنان دەکەن بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی کە زانیاریی ورد و درشتی تێدایە دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی خێزان.

ئەمڕۆ 25ـی تشینی دووەمی 2024، تیمەکانی سەرژمێری دەست بە ڕاهێنان بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی دەکەن و  پێشبینیش دەکرێت تا 15ـی مانگی داهاتوو سەرژمێریی تەواو بێت.

لای خۆیەوە سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند بوو "ئەگەری هەیە، ئەم هەفتەیە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی عێراق بڵاو ببێتەوە."

سیروان محەمەد، ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ئەو سەرژمێرییە قۆناغی تۆمارکردنی خێزان بوو، چەند پرسیارێکی سەرەکی و سەرەتایی کراوە لێیان، ئەو قۆناغەی کە ماوەتەوە ئێستا ئامادەکاریی بۆ دەکەین لەگەڵ بەغدا پێکەوە، تایبەت دەبێت بە خودی فۆرمی سەرژمێریی کە ئەو داتایانەی تێدا دەبێت کە تایبەت بە دۆخی ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئەو بوارانەی پەیوەستن بە پەرەپێدان، ئەو ڕاهێنانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، لە شەشەمین ڕۆژ بژمێرەکانمان لەگەڵ تیمەکانی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتییەکان، بەسەرپەرشتی ئەوان دەبێت، کارەکان دەست پێ دەکەن، ئێمە پێشبینی دەکەین دوو هەفتەی بوێت تا ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت، ئەو شوێنانەی دوورە دەست و سەختن، بۆیە تیمی تایبەتی بۆ داندراوە."

خولی راهێنان بۆ بژمێران ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تیمەکان سەرژمێری سەردانی ماڵەکان بکەنەوە بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێری کە فۆرمی کۆتایی 77 پرسیار لە خۆ دەگرێت، پرسیارەکان لە بواری خزمەتگوزاری، تەندروستی، ئاستی خوێندن، شوێنی لە دایکبوون و چەند بابەتێکی دیکەن کە پەیوەندی بە تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە.

لای خۆیەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی سەرژمێری لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، کە تێیدا ڕێژەی سەرژمێری بەم شێوەیە بووە:

بەغدا 80.48%
نەینەوا 98.60%
هەولێر 96.31%
سلێمانی 94.76%
بەسرە 89.85%
بابل 94.78%
دیالە 98.10%
زیقار 86.84%
نەجەف 92.27%
كەركوك 97.74%
ئەنبار 95.99%
سەڵاحەدین 98.16%
كەربەلا 95.81%
واست 98.68%
دیوانیە 95.33%
دهۆك 95.25%
میسان 91.23%
موسەنا 94.73%

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment