وەزارەتی کارەبا: بەهۆی ڕاگیرانی گازی ئێران، زیاتر لە 5 هەزار مێگاوات کارەبامان لەدەست داوە

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕاگیرانی گازی ئێران، 5500 مێگاوات کارەبایان لەدەست داوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبا بۆ دامودەزگا حکوومییەکان و هاووڵاتیان بە ڕێژەی نزیکەی 20%.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە ئەنجامی ڕاگیرانی گازی ئێران، 5500 مێگاوات کارەبایان لەدەست داوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبا بۆ دامودەزگا حکوومییەکان و هاووڵاتیان بە ڕێژەی نزیکەی 20%."
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد "هۆی وەستانی هاوردەکردنی گازی ئێران بە مەبەستی چاککردنەوەیە، بەڵام سەرچاوە ئاگەدارەکان لە دۆسیەی کارەبا باس لەوە دەکەن کە هۆی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی دارایی." بەو پێیەی بەغدا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار قەرزاری تارانە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا ناتوانێت پارەکانی بداتەوە.
هەر لە بەیاننامەیەکدا ئەوەش ئاشکرا کراوە "بەگوتەی ئێرانییەکان، ڕاگیرانی گازی ئێران بۆ عێراق، 15 ڕۆژ دەخایەنێت، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی 5500 مێگاوات کارەبا کەم بکات."
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو "ڕێککەوتن کرابوو ئێران ڕۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا گازمان بۆ دابین بکات، بەڵام ئەو بڕەی ئێستا دابین دەکرێت 7 ملیۆن مەتر سێجایە."
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە دۆسیەی کارەبا پێی وایە بڕیارە لەناکاوەکەی ئێران پەیوەستە بە داواکارییە داراییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق.
ئەو سەرچاوە بە مێدیای عەرەبی گوت: "بابەتەکە پەیوەندی بە پارەوە هەیە، بەتایبەتی کە ئێمە دەزانین سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق سەرکەوتوو نەبوو لە چارەکردنی ئەم کێشەیە."
ئەو سەرچاوەیە ڕەتی ناکاتەوە "فشارە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر عێراق پەیوەستە بۆ بەدەستهێنانی پارەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و دابینکردنی پێداویستییەکانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل."