مەشهەدانی لیژنەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرێت یاسا پەکخراوەکان بەرز بکەنەوە

مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لیژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ڕاده‌سپێرێت سه‌رجه‌م یاسا په‌كخراوه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

دووشه‌ممه‌، 25ـی تشرینی دووه‌می 2024، مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی‌ ڕاسپارد سه‌رجه‌م یاسا په‌كخراوه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بە دەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

دوای نزیكه‌ی 10 مانگ، کۆتایی بە قه‌یرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هێنرا و مه‌شهه‌دانی به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرا، هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌یاسای گرنگ هه‌ن له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌یان بۆ بکرێت و ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت.

دوای ئەوەی مەحموود مەشهەدانی، بە سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق هەڵبژێردرا و کۆتایی به‌ ململانێی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هێنرا؛ هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ چڕ كردووەته‌وه كه‌ ساڵانێكه‌ به‌هۆی كێشه‌ی سیاسییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ تێپه‌ڕێنرێن و بكرێنه‌ یاسا، كه‌ دیارترینیان هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و په‌یكه‌ری كۆمیسیۆنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوو.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی جێی ناكۆكین، عارف حومامی، ئەندامی لێژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاندووه‌ "دیارترین كاری له ‌پێشینه‌ی په‌رله‌مان له‌م خوله‌دا، هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی، یاسای لێبووردنی گشتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵكایه‌تییه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان ڕۆڵی گرنگی له‌ نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی ناو په‌رله‌مان ده‌بێت."

 حومامی، بە پێویستی زانیوه‌ "له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كار بۆ ده‌ركردنی یاسای هه‌ڵبژاردن و شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت."

له‌پاڵ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌یاساكاندا، بابه‌تی دیكه‌ی‌ بانگهێشتكردنی به‌رپرسانی وڵاته‌ له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردن و خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌و باره‌یه‌وه‌ هادی سه‌لامی، ئەندامی لێژنه‌ی ده‌ستپاكی بۆچوونێكی دیكه‌ی هه‌یه ‌و ده‌ڵێت: "گرنگه‌ له‌م خوله‌دا كار له‌سه‌ر دۆسیە په‌كخراوه‌كانی په‌رله‌مانیش بكرێت، له‌وانه‌ بانگهێشتی وه‌زیر و به‌رپرسانی باڵا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌موكورتییه‌كان". 

سه‌لامی دووپاتی گوتووشیه‌تی "به‌هۆی كێشه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دابه‌شبوونی سیاسیی ناو په‌رله‌مان، له ‌ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك پرسی یاسادانان و چاودێریی په‌ك خرابوون كه‌ وایان كردبوو بانگهێشتی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و وه‌زیره‌كان نه‌كرێن". سه‌لامی ده‌شڵێت: "دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ، ده‌بێت دۆسییەکان دوور له‌ فشاری سیاسی كارا بكرێنه‌وه‌ و ئه‌ركی چاودێریی په‌رله‌مان ده‌ست پێ بكاته‌وە."