هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دەستی پێ کردەوە
"هیچ کێشەیەک لە هەناردەی گاز بۆ عێراق نییە"
کێشەی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقە، چارە کرا.
غوڵام ڕەزا کۆشکی، سەرۆکی ناوەندی چاودێریی ئیدارەی گازی ئێران ڕایگەیاند "وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ عێراق لەبواری غاز هەیەتی."
کۆشکی، جەخت دەکاتەوە "هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لەڕێگەی دوو خاڵی هەناردەوە بووە و قەبارەکەشی پەیوەست بووە بە پێویستییەکانی عێراق کە لە ماوەیەک بۆ ماوەیەکی دیکە جیاوازی هەیە."
سەرۆکی ناوەندی چاودێریی ئیدارەی گازی ئێران دەڵێت: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەناردەی گاز لە یەکێک لە خاڵەکانەوە وەستاوە بەهۆی چاکسازیی تێیدا، بەڵام ئێران پابەند بووە بە هەناردەکردنی گاز لە خاڵی دووەمدا."
ئاماژە بەوەش دەکات "لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خاڵی یەکەم ئامادە بووە بۆ کارکردن و خاڵی دووەم لە کار خراوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە هەناردەکردنی گاز دەستی پێ کردووەتەوە و ئێستە هیچ کێشەیەکی نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندبوو "ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق ڕاگرتووە و بەو هۆیەوە پێنج هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە توانای بەرهەمهێنان کەم بووەتەوە."