نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا رادەستی تەندروستیی گەرمیان دەکرێت

خێرخواز و سەرمایەداران بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دروستیان کردووە

K24 - کەلار

نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت لە کەلار، کە لەلایەن خۆبەخشان و سەرمایەداران بە تێچووی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلار دروستکراوە، رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان دەکرێت.

نەخۆشخانەکە 70 قەرەوێڵەییە و هەر قەرەوێڵەیەک بۆرییەکی ئۆکسجینی هەیە، کە بەستراوەتەوە بە ئامێرێکی مەرکەزی، لەگەڵ هێڵێکی ئینتەرنێت و مۆنیتەرێک بۆ چاودێریکردنی نەخۆشەکان، کە لە ژووری پزیشکەوە نیشانی دەدات ئەگەر نەخۆشێک دۆخی تەندروستیی تێکبچێت.

لە سنووری گەرمیان 44 کەس تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، تائێستا یەک کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو سنوورە گیانی لەدەستداوە، نەخۆشخانەی گشتیی کەلاریش توانای وەرگرتنی تەنیا 50 نەخۆشی هەیە بەیەکجار، بۆیە "دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە پێویست بوو، بەتایبەت لەدوای هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سنوورەکە".

شێخ لەتیف، ئەندامی باڵای لیژنەی سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکە دەڵێ: " نەخۆشخانەکە هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نییە، لەڕووی ئامێری پزیشکی و مەوادی بینا هەموو شتیکی تەواوە".

لە 15-2-2020 دەستکراوە بە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە، بەڵام بەهۆی رێکارە تەندروستییەکان و قەدەغەی هاتووچۆ و داخرانی کۆمپانیاکان، تەواوبوونی کەمێک دواکەوتووە.

شێخ لەتیف باس لەوە دەکات "هەشت ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە نەخۆشخانەکە هەن، لەکاتێکدا لە نەخۆشخانەی گشتیی کەلار تەنیا یەک ئامێری هاوشێوە هەیە".

نەخۆشخانەی قەڵا بڕیارە ئەمڕۆ رادەستی لایەنە تەندروستییەکانی گەرمیان بکرێت.

 

 

هـ.ر.