شوان کەلاری: هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژە یاسای بوودجە دەکرێت

شوان کەلاری
شوان کەلاری

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری پرۆژەی یاسای بوودجە دەکرێت، بەمەش ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە.

سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەر دەقێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کە دێت، هیچ گفتوگۆ ناکرێت، دەقەکە وەکو خۆی دەخوێندرێتەوە هەتاکوو ئەگەر هەڵەی ڕێنووسیش هەبێت، دواتر دەدرێتە لێژنەی تایبەت بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی، دواتر دەدرێتە لێژنەی یاسایی.

ئاماژەی بەوەشکرد کە، سەرۆکی پەرلەمان کە باسی ئەوەی ئەوەی کرد دەست بە بڕگەی چوارەم دەکەن، یەک دوو دەنگ هەبوون و قسەشیان کرد، ڕەخنەیان هەبوو، ئەوان نیگەران بوون لە بوودجەی گشتی و دەیانگوت کە نابێت بەهەدەر بدرێت و هاوسەنگیی ڕابگیرێت، لەگەڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوان ڕاستیەکە نازانن کە جوگرافیای کوردستان وایە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زیاترە و ڕێگەی گواستنەوەشی دوورە، ئێستا خوێندنەوەی دووەم دەکرێت لەگەڵ دەنگدان.

شوان کەلاری گوتی: تا 9ـی کانوونی یەکەم دەتوانین دەوام بکەین، لە 9ـی کانوونی یەکەم تا 9ـی کانوونی دووەم پشووی پەرلەمانە، سەرۆکایەتی پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە مانگێک ببات و بمانخاتەوە دەوام و مانگەکە هەموومانیان خستووەتەوە دەوام لە 9ـی تشرینی دووەم بۆ 9ـی کانوونی یەکەم کە ئەوکاتە دەکەوینە پشووی پەرلەمان، بۆیە چاوەڕێ دەکەین تا 9ـی کانوونی یەکەم خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر هەمووارەکە بکرێت، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی: لە پەرلەمانی عێراق هەمیشە دەنگی نەشاز و دەنگی موزایەدە و کۆکردنەوەی دەنگی پەرلەمان هەیە، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی عێراق نزیکە، ئەو دەنگانە بوونیان هەیە، بۆیە ئەو پرسە دەقۆزرێتەوە، بەڵام دوای وەستانی هەناردەکردنی یەک ساڵ و هەشت مانگی نەوتی هەرێم کە زیانێکی گەورەی لە بوودجەی گشتی عێراق داوە، لەگەڵ ئەوەی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، پرۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە ئەو فراکسیۆنانەی کە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن، دەمانەوێت گرفتەکە نەمێنێت و نامانەوێت بوودجەی عێراق لەوە زیاتر زیانی بەر بکەوێت کە 20 ملیار دۆلار لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا، پارەیەکی زۆر زۆرە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو دەنگە نەشازانە ناتوانن ڕێگریی لە هەمووارکردنەوەکە بکەن و گرفتەکە نامێنێت.

شوان کەلاری گوتی: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەبوونی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چونکە پارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە سندووقێک و سەرۆکی حکوومەتیش مافی کارپێکردنی هەیە، بۆیە کاریگەریی نەوەک هەر لەسەر مووچە، بەڵکو لەسەر تەواوی شایستە داراییەکان و بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت، گوتی: ئەوان تێڕوانینیان خراپ بووە لە پێشوو دەربارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هۆکار بوون بۆ وەستاندنی، ناکرێ لەپێناو دەستکاریی کردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە چەند دۆلارێکە، زیانی 20 ملیار دۆلار لە عێراق بدەن، هەمووارەکە دەبێتە بووژانەوەیەکی باشی ئابووریی هەرێمی کوردستان. 

سێشەممە، 26-11-2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 کرد. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق؛ دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیراوە. 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەوڵ دەدەین ڕۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، خوێندنەوەی دووەم  بۆ هەمواری بودجە بکرێت، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو کە دوایین هەفتەی کاری پەرلەمانە دەنگی لەسەر بدرێت."

گوتیشی: "تاکە بەربەست ئێستا کە ماوە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە کە هەموار کراوە و بۆمان هاتووە، لەدوای دەنگدان لە پەرلەمان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.