ئەرکان بیبانی: ئەمساڵ 627 بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیر کردووە

ئەرکان بیبانی
ئەرکان بیبانی

ئەفسەرێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ 627 بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە بەبەراود بە ساڵی پار ژمارەکە دابەزیووە، دەشڵێت، دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوە، کاریگەریی لەسەر نەمانی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەکات.

سێشەممە 56ـی تشرینی دووەمی 2024، نەقیب، ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە یەکێکە لە کارە گرنگەکان و لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، ئەو سەنتەرە لە داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر کەم دەکاتەوە، کار بۆ ئەوەش دەکرێت بە یەکجاری هیچ ئاڵودەبووێکی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان نەمێنێت، دەشڵێت:  لە سەنتەرەکە قۆناغ بە قۆناغ چارەسەریی بە ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دەدرێت تا لەشی تەواو لە ماددەکە پاک دەبێتەوە و دەبێتەوە کەسێکی ئاسایی و دەچێتەوە نێو کۆمەڵگە، بۆیە سەنتەرەکە یەک لە ڕێگە چارە گرنگەکانە بۆ ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر، لەو قۆناغەدا دروستکردنی ئەو سەنتەرە زۆر پێویست بوو بۆ ئەوانەی دەیانەوێت چارە بکرێن.

ئەرکان بیبانی دەڵێت: بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان، یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020، لە ماددەی 37 دا ، دادوەر بۆی هەیە ئەو کەسەی کەلەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێت، لەبری ئەوەی بەندی بکات، بینێرێت بۆ سەنتەری شیاندنەوە بۆ ئەوەی چارەسەریی وەربگرێت لەژێر چاودێریی لێژنەیەکی تایبەتمەند و بەپێی ڕێنماییەکان، پاش ئەوەی لێژنەکە ڕایدەگەیەنێت کە لەشی ئەو کەسە پاک بووەتەوە، دادوەر بڕیاری یاسایی ئەو کەسە دەردەکات، ئەو کەسە ئەگەر پابەند نەبوو بە وەرگرتنی چارەسەریی، بە ماددەی 30 لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدات لەگەڵ پێ بژاردن لە 5 ملیۆن دینار تا 10 ملیۆن دیناری عێراقی، دوای تەواوکردنی ماوەی بەندکردنی، کەسەکە پارەکە دەدات بە سندووقی دادگا، بەپێی ماددەی 45 بەهەمان یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020ـی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت: ئەو بڕە پارەیە تەرخان دەکرێت بۆ سەنتەری شیاندنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر، ئەگەر ئەو کەسە ئەو بڕە پارەیەشی نەبوو بیدات، ماوەی بەندکردنی لالەیەن دادوەرەوە درێژ دەکرێتەوە.

ئەرکان بیبانی دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر ئامادەییان تێدایە بێن چارەسەریی وەربگرن، دەشڵێت:ڕێژەی نزیکەی سەدا95ـی ئەوانەی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرن، لەلایەن هاوڕێکانیانەوە تووشی ماددەی هۆشبەر کراون بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە کاتێکدا کە دەزاندرێت هەر کەسێک دەستپێشخەری بکات لە وەرگرتنی چارەسەری و سزا وەرناگرێت، لە کاتەدا خەڵکێکی زۆر لە ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر ئامادەییان تێدا دەبێت بچنە ئەو سەنتەرە بۆ وەرگرتنی چارەسەریی، بەمەش ژمارەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر زۆر دادەبەزێت.

ئەو ئەفسەرە ئاشکرای کرد کە پار، 1070 بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە هەولێر و دهۆک دەستگیر کردووە، ئەمساڵیش تاکوو ئێستا توانراوە 627 بازرگان دەستگیر بکرێت، دەڵێت:وامان کرد کە دەستکەوتنی ماددەی هۆشبەر ئەستەم بێت و کارێکی ئاسان نەبێت، وامان کردووە کە بازرگانان نەتوانن کوردستان بکەنە ڕێگەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.

سێشەممە، 26-11-2024،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد "ڕێکاری زۆر زۆر توندتر بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە ژیانی مرۆڤ دەکەن و وا دەکەن دایک لە منداڵی خۆی بێبەش بێت، منداڵ لە نازی دایک بێبەش بێت؛ باوک لە کوڕ دوور بخرێتەوە، هاوسەرەکان لە یەک جیابکرێنەوە، ئەمە گەورەترین تاوانە، تاوانبارێک دەتوانێت بەرانبەر بە کۆمەڵگە بیکات.