ئیسرائیل ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد و ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: حزبوڵڵامان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.

کەناڵی 14ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە لەسەر کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئەمەریکا دەڵێت سبەی بەیانی بچێتە بواری جێبەکردنەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەڵێت دەبێت سبەی ئێوارە ڕابگەیەندرێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای  کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی دانیشتووانی باکوور نەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، شەڕ کۆتایی نایەت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، تواناکانی حزبوڵڵامان بەرهەمهێنانی مووشەک لاواز کرد و دەتوانم بڵێم لەناومان برد و حزبوڵڵامان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، هەروەها ئێمە پابەندین بە لەناوبردنی تەواوەتیی تواناکانی حەماس.

لای خۆیەوە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆک ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاوی کردەوە، کە هیوادارە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا، ئاسایشی تەواوەتیی بۆ دانیشتووانی باکووری وڵات گەرەنتی بکات.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست، "چاوەڕوان دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەودا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەست ڕابگەیەنێت".

سەرچاوە نزیکەکانی ئاگادار لە دانووستانە بەردەوامەکانی ئاگربەستی 60 ڕۆژەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، ڕەزامەندە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئیدارەی بایدن بۆ دوورخستنەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل)، لە بەرانبەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی هێڵی شین.

هەر ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دوای تەوابوونی کۆبوونەوەی G7، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە کۆتا قۆناغەکانی زامنکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستین بۆ لوبنان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە کۆششێکی دیپلۆماتی چڕ بووە لە لایەن ئەمەریکا و هاوبەشەکانی وەک فەرەنسا، بە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان بۆ چەندین مانگ.

گوتیشی: ئەگەر بگەینە دەرئەنجام، کە من هیواخوازم زۆر زوو پێێ بگەین، جیاوازییەکی گەورە درووست دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment