بایدن: لوبنان و ئیسرائیل بە ئاگربەست ڕازی بوون

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئاگربەست لە لوبنان ڕاگەیەندرا، بەڵام جێگەی داخە تا ئێستا لە غەززە ئاگربەست ڕانەگەیەنراوە، ئەمەش بەهۆی بزووتنەوەی حەماسەوەیە کە ڕەتی دەکاتەوە گوفتوگۆ لەبارەی پرۆسەکە بکات و بارمتەکان ئازاد بکات.
سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا: پشتیوانیی لە سەروەری لوبنان دەکەین و ئەمە دەستپێکێکی نوێیە بۆ ئەو وڵاتە، خەڵکی وڵاتەکە شایەنی داهاتوویەکی پڕ ئاشتی و سەروەرین.
ناوبراو دەڵێت: خەڵکی غەززە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، ئەمەش بەهۆی بزووتنەوەی حەماسەوەیە کە ڕەتی دەکاتەوە گفتوگۆ بکات بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، حەماس بژاردەیەکی لە بەردەمە تاکە ڕێگە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە، ئازادکردنی بارمتەکانە، ئەگەر ئەو کارە بکات ئێمە هاوکاری مرۆیی دەگەینینە غەززە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەمەریکا فشارێکی دیکە لەگەڵ تورکیا، میسر و قەتەر دەکات بۆ ئەوەی ئاگربەست لە غەززە بێتەوە ئاراوە و، تا جەنگەکە کۆتایی بێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن.
جەختی لەوەش کردەوە، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و سەقامگیرییە، خەڵکی فەڵەستین مافی خۆیانە دەوڵەتیان هەبێت، بەڵام ناکرێت هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل هەبێت، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵکان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.
کەناڵی 14ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە لەسەر کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئەمەریکا دەڵێت سبەی بەیانی بچێتە بواری جێبەکردنەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەڵێت دەبێت سبەی ئێوارە ڕابگەیەندرێت.