لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ لوبنانییەکان لێ دا

لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی بۆ دانیشتوانی باشووری لوبنان لێ دا و داوای کرد نەگەڕێنەوە ئەو گوندانەی چۆڵکراون.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا لە تێلێگرام ڕایگەیاند، هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ دانیشتوانی باشووری لوبنان، لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست، و بە پشتبەستن بە بڕگەکانی، سوپای ئیسرائیل لە ناوخۆی باشووری لوبنان جێگیرە .

ئاماژەی بەوەشکرد: قەدەغەیە بەرەو ئەو گوندانە بڕۆن کە ئیسرائیل داوای کردووە چۆڵبکرێن یان بەرەو هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە کاتی سەلامەتی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانتان ئاگادارتان دەکەینەوە، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و سەلامەتی ئەندامانی خێزانەکانتان، خۆتان لەو ناوچانە بەدوور بگرن .

یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل، "کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل لە باشووری هێڵی شین لە ماوەی تا 60 ڕۆژدا دیاری کراوە".

کاتژمێر چواری بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنان و ئیسرائیل، لەلایەن جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕی نێوان هەردوولا .

هەروەها لای خۆیەوە، جۆو بایدن ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتوون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment