ئاگربەستی لوبنان - ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردن
ئێران پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات
بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024، ئاگربەستی شەڕی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردن کە ماوەکەی 60 ڕۆژە و ئێرانیش پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات.
دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل، دواجار بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا و کاتژمێر چواری بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیرووت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێ کرا.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هەرچەندە تاوەکوو دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر باشووری لوبنان دەسوڕانەوە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانە مەیدانییەکانی بە تەواوی ڕاگیراون و سوپای ئیسرائیلیش جەختی کردووەتەوە لەوەی دەبێت ئەو گوندانەی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان دەست نیشانی کردوون، دەبێت چۆڵ بکرێن.
هەر لە بارەی ئاگربەستی شەڕی حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند.
هەروا ئاماژەیداوە " پێشوازی لە کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین، لە هەمانکاتدا پشتیوانیمان بۆ حکوومەت و خەڵکی لوبنان و مقاوەمە بەردەوام دەبێت و باگۆڕێت"