دوای ئاگربەستی لوبنان و ئیسرائیل، حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشە دەکات

حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند، "بەرەی مقاوەمەی عێراق، بە ئاگربەستی لوبنان ناوەستێت، تاوەکو لە غەززە نەچنە دەرەوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، حزبوڵڵای عێراقی لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە، "ئاگربەستی نێوان دوو بەرەی ململانێی لوبنان و ئیسرائیل، ئەگەر خۆڕاگریی چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی و بێتوانایی ئیسرائیلییەکان نەبوایە ئەوە ئاگربەست نەدەکرا، بۆیە بڕیارەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا لوبنانی بوو".
حزبوڵڵای عێراقی ئامەژی بەوەش کرد، " ئەمەریکا لە هەموو تاوانەکانی ستەم و کوشتن و ڕووخاندن و ئاوارەبووندا هاوبەشی ئیسرائیل بووە، بۆیە درەنگ یان زوو دەبێت باجی ئەوە بدات".

ئەو پێی وابوو کە "پشوودانی لایەنێکی بەرەی مقاوەمە کاریگەری لەسەر یەکڕیزی گۆڕەپانەکانی بەرەکە نابێت، بەڵکو لایەنی نوێ دێنە پێشەوە بۆ بەهێزکردنی گۆڕەپانی ململانێکان بۆ ڕووبەرووبونەوەی دوژمنان".

دووپاتیان کردەوە، "هەڵوێستیان نەگۆڕە لەسەر پرسی فەڵەستین، ئەوە سەرمایەیە کە خوێنی بەنرخی خۆیان بۆ دەڕێژن، هەروەک چۆن لە لوبنان ڕژا"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە لیواکانی حزبوڵڵا گەلەکەمان لە غەززە بەجێناهێڵین، هەرچەندە قوربانیدانەکان گەورە بن، هەروەها بێباکن لە هەڕەشەکانی دوژمنان و شێوازەکانی خیانەت و شێوازی تاوانەکانیان".

دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل، دواجار بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا و کاتژمێر چواری بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیرووت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێ کرا.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هەرچەندە تاوەکوو دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر باشووری لوبنان دەسوڕانەوە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانە مەیدانییەکانی بە تەواوی ڕاگیراون و سوپای ئیسرائیلیش جەختی کردووەتەوە لەوەی دەبێت ئەو گوندانەی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان دەست نیشانی کردوون، دەبێت چۆڵ بکرێن.

هەر لە بارەی ئاگربەستی شەڕی حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند.

هەروا ئاماژەیداوە " پێشوازی لە کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین، لە هەمانکاتدا پشتیوانیمان بۆ حکوومەت و خەڵکی لوبنان و مقاوەمە بەردەوام دەبێت و باگۆڕێت"

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment