وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ئاگربەستی لوبنان ڕاگەیاند

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "دژایەتی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا دەکات و بە 'هەڵەیەکی مێژوویی' وەسفی کرد"، بەڵام نەیگوت پارتە ڕاستڕەوی توندڕەو، 'ئۆتزما یەهودیەت'، وەک ناڕەزایەتییەک لەسەر ئاگربەستەکە لە حکوومەت دەکشێتەوە یان نا.

بن گڤیر لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس'دا دژایەتی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند و دەڵێت: "ئەمە ئاگربەست نییە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "گەڕانەوەیە بۆ چەمکی ئارامیی بەرامبەر بە ئارامی، پێشتریش بینیومانە کە ئەمە بەرەو کوێمان دەبات، لە کۆتاییدا پیویستە جارێکی دیکە بچینەوە لوبنان".

دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل، دواجار بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا و کاتژمێر چواری بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیرووت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێ کرا.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هەرچەندە تاوەکوو دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر باشووری لوبنان دەسوڕانەوە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانە مەیدانییەکانی بە تەواوی ڕاگیراون و سوپای ئیسرائیلیش جەختی کردووەتەوە لەوەی دەبێت ئەو گوندانەی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان دەست نیشانی کردوون، دەبێت چۆڵ بکرێن.

هەر لە بارەی ئاگربەستی شەڕی حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند.

هەروا ئاماژەیداوە " پێشوازی لە کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین، لە هەمانکاتدا پشتیوانیمان بۆ حکوومەت و خەڵکی لوبنان و مقاوەمە بەردەوام دەبێت و باگۆڕێت"

 
Fly Erbil Advertisment