ڤیان دەخیل: بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە

بەوپێیەی لە عێراق ھەمووان بەشدارن لە حكوومەتدا و مودێلی تەوافوقییان گرتووەتەبەر، دەرفەتیان بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی پەرلەمانی نەھێشتووەتەوە، بۆئەوەی ڕۆلی ھەبێت لە چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەركردنی یاساكاندا.  

نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، ڕۆلی چاودێریكردنی پەرلەمانی عێراقی لاواز كردووە، پەرلەمانتاران پێیان وایە، بەھۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، پەرلەمان نەیتوانیوە ئەركی خۆی لە چاودێریكردن و لێپرسینەوەدا جێبەجێ بكات. 

ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە سیستەمێكی سیاسی سەركەوتوودا ناكرێت سەرجەم لایەنەكان لە حكوومەتدابن یاخود بە پێچەوانەوە ھەمووان ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵكو پێویستە سیستەمەكە ھەردوو لایەن لەخۆبگرێت، بۆئەوەی ڕۆلی چاودێریكردن كارابێت، ئاماژە بەوەش دەكات، بەھۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، پەرلەمان نەیتوانیوە ئەركی خۆی لە چاودێریكردن و لێپرسینەوەدا جێبەجێ بكات. 

بە سەرنجدان لەسەر کەلتووری لاوازی ئۆپۆزسیۆن لە ژینگەی سیاسی عێراقدا و سووربوون لەسەر هاوبەشکردنی حکوومەت لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، عەلا روكابی، پەرلەمانتاری عێراق، دەڵێت، ھەموو پەرلەمانتاران ئەوانەن كە بەشداری حكوومەت و دەسەڵاتیشن، بۆیە دەوری چاودێری پەرلەمان لاوازە.

گوتیشی: دوای ھەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 ھەوڵیانداوە كۆمەڵێك پەرلەمانتاری سەربەخۆیان ھەبێت بۆئەوەی ڕۆلی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن و بتوانن چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاساكان بكەن، بەڵام ڕێگریان لێكراوە.

روكابی ڕوونیشیكردەوە، تاوەكوو ئێستا بیرۆكەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە عێراق دروست نەبووە و ئەمەش ھۆكارێكی جددیە بۆ نەبوونی چاكسازی سیاسی.