فەرەنسا: چەند دزێک پارچەیەکی هونەری بە بەهای 7 ملیۆن یۆرۆ لە مۆزەخانەیەک دەدزن

چەند دزێک، گەنجینەیەکی زێڕینگەریی بە بەهای زیاتر لە حەوت ملیۆن یۆرۆ لە مۆزەخانەی هونەرە پیرۆزەکان لە شارۆچکەی بارێ لیمۆنیال لە ناوەڕاستی فەرەنسا دەدزن.

ژان مارک نیم، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکە ڕایگەیاند "چەند دزێک بە ماتۆڕسکیل چوونە مۆزەخانەی ئیرۆن و  پەیکەرێکی  پێکهاتوو لە چەند پارچەی بچووکیان لە مۆزەخانەکە دزی.

پەیکەرەکە کارێکی هونەرییە بە ناوی "ڤیا ڤیتا"، لەلایەن زێڕینگەری فەرەنسی جۆزێف شاومێتەوە لە ساڵی 1904 دروستکراوە و نزیکە 10 ساڵی خایاندووە تا تەواو بووە .

پەیکەرەکە لە چەند پەیکەری بچووک، کە گوزارشت لە دیمەنەکانی ژیانی عیسای مەسیح دەکەن. ئەم پارچەیە لە ساڵی 2000 لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری لە لیستی گەنجینەی نیشتمانیدا پۆلێن کراوە، لیستێک کە بەرهەمی هونەری و شوێنەواری لەخۆدەگرێت و  نابێت بفرۆشرێن.

دزەکان، ئەو پەیکەرەیان دزیوە کە لە زێڕ و عاج دروست کراوە و بە زومرود ڕازێنراوەتەوە.

لە کاتی دزییەکەدا، نزیکەی بیست سەردانکەر لە نهۆمی خوارەوەی مۆزەخانەکەدا ئامادەبوون و توانیویانە پەنا بۆ ماڵێکی تەنیشت مۆزەخانەکە ببەن و خۆیان ڕزگار بکەن. 

بەرپرسی مۆزەخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەو زەبرە دەروونیانەی بە سەرجەم کارمەندانی مۆزەخانەکە کەوتوون، دڵخۆشە بەوەی لە هێرشەکەدا هیچ قوربانییەک نەبووە، بەو پێیەی ڕوون بوو کە دزەکان بڕیاریان دابوو بە هەر  نرخێک بێت، دزییەکەیان بکەن.