بەریتانیا: ئەگەر ناتانیاهۆ بێتە بەریتانیا دەستگیری دەکەین

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند "دوای ئەوەی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تاوانەکانی جەنگ لە غەززە دەرکرد، پابدن دەبن بە بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی."

دەیڤید لامی، بە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیای ڕاگەیاندووە "پابەند دەبێت بە داواکاریی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ ئەگەر بێتە بەریتانیا، جەختیشی کردەوە، پشتگوێخستنی داواکاریی دادگای تاوانەکان بژاردە نییە."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد "بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسرائیل لەسەر بابەتگەلێکی وەک ئاگربەست لە غەززە و گرنگی گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو خاکی فەڵەستین."

لامی گوتیشی: "بەپێی یاسای بەریتانیا پابەندە بەوەی نووسراو فەرمانی دەستگیرکردنەکە ڕەوانەی دادگایەکی ناوخۆیی بکات."

دەشڵێت: "ئەمە ڕێگەم پێنادات هیچ هەڵسوکەوتێکی خەمڵاندن بکەم، بۆیە ئەم بڕیارە ڕەوانەی دادگاکان دەکەم، دوای ئەوە دادگاکان بڕیاری خۆیان دەدەن."

هەفتەی ڕابردوو دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل و محەمەد دیاب ئیبراهیم میسری، فەرماندەی گشتیی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، دەرکرد.

ئیسرائیل ئیدانەی بڕیارەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی کرد و بە شەرمەزاری و گاڵتەجاڕانە وەسفی کرد، هەروەها ڕایگەیاند کە تانە لەو بڕیارە دەدات.