دادگەی تاوانەکانی ڕەسافە: لە سلێمانی دەست بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەردا گیرا
"75 بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە"

پێنجشەممە، 28-11-2024، دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا -ڕەسافە ڕایگەیاند، لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەسەرتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم کردووە، دەستیان بەسەر زیاتر لە تۆنێک ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
وەلید ئیبراهیم، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی، کە بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕەسافە، بە ڕۆژنامەی دادگای ڕاگەیاندووە "دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی دەست بەسەر سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە." گوتیشی: "دەست بەسەردا گرتنی ئەو ماددە هۆشبەرانە لە ماوەی کانوونی دووەم تاوەکوو مانگی تشرینی یەکەم بووە."
ئاماژەی بەوەش کرد "75 تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، کە شەش کەسیان بیانین، هەروەها 20 تاوانباریش سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە." دەشڵێت: "بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەستیان بەسەر یەک تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە، کە بریتی بووە لە 229 کیلۆ و 120 گرام لە جۆری کریستاڵ، 843 کیلۆ و 264 گرام کاپتاگۆن و زیاتر لە 51 یەک کیلۆ حەشیش و 100 گرام ماددەی کارتێکەرە دەروونیەکان."
دادوەر ئیبراهیم باسی لەوەش کرد "شەش کەس دەستگیر کراون و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچیەک ڕێککەوتوون، 30 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری کریستال، لە پارێزگای سلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ پارێزگای بەسرە."
ئەو دادوەرە ڕاشیگەیاند "تیمێکی ئەمنی ئەرکی دەستگیر کردنی بازرگانێکی لەدایکبووی ساڵی 2002یان پێ سپێردرا، کە نزیکەی 57 کیلۆگرام و 230 گرام حەبی کاپتاگۆنی ماددەی هۆشبەری پێ بووە، ئەویش دوای ئەوەی بۆسەی بۆ دانرابووەوە دەستگیر کرا."
دادوەر ئیبراهیم، گوتیشی: "لە هەڵمەتێکدا، دەستمان بەسەر 151 هەزار و 711 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرت، ئەمەش دوای ئەوەی زانیاریمان لەسەر بوونی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی بۆ دروستکردنی حەپی کاپتاگۆن و ماددەی هۆشبەری کریستاڵ بەدەست گەیشت، کە لە باشووری دەریاچەی دەربەندیخان دامەزرابوو."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم شوێنە، بە ڕوواڵەت کارگەیەکی تایەی ئۆتۆمبێل بووە، بەڵام لەناو کارگەکەدا حەبی کاپتاگۆن و ماددەی هۆشبەری کریستاڵ بەرهەم دەهێنرا، لەگەڵ تانکییەک کە توانای هەڵگرتنی چوار هەزار لیتر ئەمفیتامینی بووە، کە ماددەی سەرەکی دروستکردنی کاپتاگۆنە."