لە شاری میلانۆ شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و کۆچبەراندا ڕووی دا

لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و کۆچبەران دروست بوو،  زۆرینەی  کۆچبەرەکان میسری بوو.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیتاڵیەکان "بەهۆی گیانسپاردنی کۆچبەرێکی میسری ناڕەزایەتی و پێکدادان لەنێوان کۆچبەرەکان و پۆلیسی ئیتاڵیادا ڕووی دا، کۆچبەرەکانیش زۆرینەیان لە گەڕەکی کۆرڤێتۆ لە میلانۆ نیشتەجێن."

شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کرد "لە شەوی 25ـی تشرینی دووەمدا گەنجێکی میسری بەناوی ڕامی ئەلجەمەل، ماتۆڕسکیلێکی لێخوڕیوە و کۆچبەرێکی دیکەی بەڕەچەڵەک تونسی هەڵگرتووە، کاتێک بە بەردەم بازگەیەکی پۆلیسدا تێ دەپەڕێت، ڕایناگرێت و بەخێرای بە  پێچەوانەی ئاراستە دەڕوات، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی پۆلیس دوای بکەون."

ئاماژەیان بەوەش کرد "دەرکەوت کە لە کاتی ڕاوەدوونانی پۆلیسدا، ماتۆڕسکیلەکە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا کێشاوە و بەهۆیەوە گەنجە میسرییەکە گیانی سپاردووە، هاوڕێ تونسییەکەشی بریندار بووە."

بە گوتەی پۆلیسی ئیتاڵیا "سەدان کۆچبەر لەو گەڕەکەوە هەر کە زانیارییان لەسەر گیانسپاردنی ئەو گەنجە میسرییە بیست، گردبوونەوە و ئاگریان لە هەندێک سەبەتەی خۆڵ و خاشاک بەردا و زیانیان بە هەندێک دامەزراوەی گشتی گەیاند، دواتریش پۆلیس هەوڵی دا بڵاوەیان پی بکات."

ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک ئۆتۆمبیلێک بە خێرایی  خۆی دەکات بەناو گردبوونەوەکەدا و پێنج کەس بەسەختی بریندار دەکات و دواتر خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا دەکێشێت، دوای دەستگیرکردنیان دەرکەوت شۆفێرەکە ڕەگەزنامەی میسری هەبووە ئافرەتێکی تەمەن 55 ساڵی بوڵگاریشی لەگەڵدا بووە.